سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی کرماشان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ڕەزا ڕەسایی، هاووڵاتیی پەیڕەوی ئایینی یارسان‌ی خەڵکی کرماشان، کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا دەسبەسەر کرا، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی شەممە، ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردووا، ڕەزا ڕەسایی، هاووڵاتیی پەیڕەوی ئایینیی یارسان‌ی خەڵکی شاری “سەحنە”ـی سەر پارێزگای کرماشان کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەسبەسەر کراوە، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سپای تێرۆریستی پاسداران، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.

سەرەڕای نەبوونی بەڵگەنامەی پێویست، گوشاری سەرۆکی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی وای کرد کە بە ناچاری ئەو تاوانەی بەسەردا ساغ بکەنەوە و لە کۆتاییدا سزای لە سێدارەدانی بەرسەردا سەپێندرا هەروەها ناوبراو لەکاتی دەسبەسەربوونیدا کە لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرا، لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە ئەشکەنجە و ئازار دراوە و دانپێدانانی زۆرەملێیان لێ وەرگرتووە.

جێی ئاماژەیە کە، ڕەزا ڕەسایی، ڕۆژی هەینی،  ٣٠ی سەرماوەزیساڵی ڕابردوو لە شاری کەرەج، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراو و پاش لێپرسینەوە، لە گرتنگەیئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوای کرماشان و هەروەها لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر وچاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.