ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەسەر دۆخی تەندروستیی بەندکراوێکی سیاسیی لە بەندیخانەی ورمێ

خۆڕاگری: ئەرسەلان خودکام، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی مەهاباد، کە زیاتر لە ٥ساڵە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە بەندیخانە ڕاگیراوە و بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە چاوی تووشی نەخۆشی بووە و ئێستا مەترسی لە دەستدانی بینایی لەسەرە.

ڕۆژی شەممە، ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕاپۆرتێکی لەسەر باردودۆخی تەندروستیی ئەرسەلان خودکام، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری مەهاباد بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: لەسەرەتای حەوتووی ئەم مانگە (ڕەزبەر) ناوبراو کە لە بەندیخانەی چاوی تووشی نەخۆشی بووە، بەرپرسانی بەندیخانەی ڕێگریان لێ کردووە کە سەردانی پزیشکی تایبەتی چاو لە دەرەوەی بەندیخانەدا بکا و لە دەرمانخانەی بەندیخانەکەی چارەسەرەی سەرەتایی بۆ کراوە و بەهۆی لێدانی دەرزی هەڵەوە چاوی چەپی مەترسیی جیددی لەسەرە و ئەگەری ئەوەیکە هەیە کە بینایی لە دەست بدا.

خۆڕاگری لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا باسی لەوەش کردووە کە، بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار،ڕێگرییکردنی بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بۆ گواستنەوەی ئەو بەندکراوە سیاسییە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانەکە و گواستنەوەی بۆ دەرمانخانەی ناو بەندیخانە، لە کاتێکدا بووە کە ئیمکانات و کادری دەرمانی ئەو دەرمانخانەیە بۆ چارەسەری نەخۆشیی چاو وەکوو ئاومرواری چاو بەردەستا نەبووە و  بۆیە ناوبراو تووشی کێشەی جیددی و مەترسیدار بووە و هەروەها ئەرسەلان خودکام، بە زووترین‌کات پێویستی بە نەشتەرگەریی چاو هەیە لە نەخۆشخانە، بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە بەندیخانە بۆ پێدانی ئازادیی کاتیی بە ناوبراو، داوای دانانی بارمتەی قورس بەبڕی ١٥ ملیار تمەن دەکەن کە دانانی ئەو بارمتەیە لە توانای ماڵی بنەماڵەکەیدا نییە.

شایانی باسە کە، ئەو بەندکراوە سیاسییە، تائێستا نزیکەی ٥ساڵ و ٦مانگ بەندکردنی لە بەندیخانە تێپەڕاندووە و لە ئێستادا لە بەندی ١٢ی بەندیخانەی ناوەندی ورمێ‌دایە و هەروەها ناوبراو مانگی خەرمانای ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی، لەلایەن لقی ٣٢ی دادسەرای سەربازیی کۆماری ئیسلامییەوە لە ورمێ، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەوە دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و دواتر بەپێی مادەی ٢٠ی کۆمیسیۆنی لێخوشبوون، سزاکەی گۆڕدرا بۆ بەنکردنی هەتا‌هەتایی و ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی، ئەو سزایەی بەسەردا سەپێندرا.