دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: محەممە مستەفا، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد لەلایەن چەکدارە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی(٧ی دیسەمبەری ٢٠٢٥ی زاینیی)، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری مەهاباد بەناوی “محەممەد مستەفا” لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات دەستبەسەر کراوە.

بە پێی زانیارییەکان،هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و دەستیان بەسەر کەل و پەلەکانی داگرتووە و دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانە خراوەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە و چارەنووسی ناڕوونە.