برای شەهیدێکی شۆڕشی ژینا لەلایەن دادگای ڕێژیمەوە لە سەقز بانگ کراوە

خۆڕاگری: فەرهاد مەحموودی برای یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن دادسەرای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە لە سەقز، بۆ لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە بانگ کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی، فەرهاد مەحموودی، هاووڵاتی خەڵكی شاری سەقز و برای فەرەیدوون مەحموودی یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن لقی ١ی لێکۆڵینەوەی داسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی و پڕوپاگەندە بەدژی کۆماری ئیسلامی، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە بانگ کراوە. ناوبراو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرامی خۆی ئاگادارییەکی بڵاو کردۆتەوە و نووسیویەتی: دڵنیام کە ئەو ڕێگەیەی کە دژایەتی ڕێژیم دەکات گرتوومەتە بەر ڕاستە، لەبەر ئەوەی ڕێژیم لە هەموو دەنگێکی نەخێر بۆ کۆماری ئیسلامی دەترسێ گەر نەترسابا ئەو هەموو هەوڵەی نەدەدا کە خەڵک بێدەنگ بکات و هەروەه وتیشی ڕێژیم باش دەزانێ کە من لەدەرەوەی ئێرانم بەڵام هەر خەریکی دۆسیە دروستکردنە بۆم و هەڕەشەم لێدەکات.