
خۆڕاگری: کیانووش چراغی، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی دێلوڕان ماوەی ٧ڕۆژە لە بەندیخانەی ئیلام بە نیشانەی ناڕەزایەتیی دەربڕین بە هەڵوەشانەوەی سزای پێبەندی ئەلیکترۆنیکی، مانی لە خواردن گرتووە و لێوەکانی دووریوەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەیکە خەڵكی ئازادیخوازی پارێزگای ئیلام و لوڕستان بەیاننامەیەک بڵاو بکەنەوە و داوای ئازاد بۆ ناوبراو دەکەن.
ڕۆژی شەممە، ٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: کیانووش چراغی، بەندکراوی سیاسیی و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، ماوەی حەوت ڕۆژە مانی بە دوورینەوەی لێوەکانی لە بەندیخانەی ناوەندی ئیلام مانی لە خواردن گرتووە و کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی و خەڵکی ئازادیخوازی پارێزگای ئیلام لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە هەموو خەڵكی پارێزگای ئیلام و لوڕستان و کوردستان بەگشتی کردووە و بە داخستنی دووکان و بازاڕەکانیان پشتیوانی لە کیانووش چراغی بکەن و داوای ئازادی بۆ ناوبراو بکەن لەبەر ئەوەی بەهۆی مانگرتنکەیەوە دۆخی تەندروستیی بەرەوە ناجێگیربوون دەڕوات.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە، بە ئاماژە بە بەردەوامی سەرکوتکردنی خەڵکی کوردستان و ئێران بەگشتی و بەتایبەتی پارێزگای ئیلام، ڕاگەیەندراوە: لە ئەگەری ئازادنەکردنی کیانووش چراغی، بەرپرسیارەتی هەرجۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە شاری دێلوڕان لە ئەستۆی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێراندایە و دەبێ ناوبراو بەزووترین کات ئازاد بکرێت و جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە خەڵكی کورد و لوڕ بە یەکییەتی و یەکگرتووی ڕێگە نادەن ڕۆڵە قارەمانەکانی خۆیان لەنێو چنگی زوڵم و زۆریدا لەناو بچن و داوا لە خەڵکی پارێزگای ئیلام کراوە کە ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕەشەمە، لە بەردەم قایمقامی شاری دێلوڕان پەیوەست بن بە کۆبوونەوەی گشتی و مانگرتنی بازاڕیانی شارەکە.