
خۆڕاگری: شەش هاووڵاتیی خەڵکی میاندواو بەناوەکانی “بێهزاد بەرجەستە، كەیوان بەرجەستە، شەهاب توان، خالق ڕەحیمی، نیما قوربانزادە و سدیق عەباسنژاد” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی، بێهزاد بەرجەستە، كەیوان بەرجەستە، شەهاب توان، خالق ڕەحیمی، نیما قوربانزادە و سدیق عەباسنژاد، شەش هاووڵاتیی خەڵكی گوندەکانی برایماوا، گامێشگۆلی و هەلاکۆخانی سەربە شاری میاندواو لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە ورمێ کە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵەکانیان، بەشێوەی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردوون و گواستوویاننەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ و میاندواو بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتاوەتەوە سەر ئەو گوندانە و بەشێوەیەکی دڕەندانە ئەو شەش هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردووە و تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.