چالاکوانێکی مەدەنیی خەڵكی ورمێ لەلایەن ڕێژیمەوە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: حەمید چەپاتی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی ورمێ لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە، سزای ٣مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٣٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی، حەمید چەپاتی، چالاکوانی مەدەنیی خەڵكی شاری ورمێ، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە لەو شارە بە سەرۆکایەتیی قازی “شاهینی” بەتۆمەتی پڕۆپاگەندە بەدژی حکوومەت و تێکدانی بیروڕای گشتی، سزای ٣ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و هاوکەت بەشێوەی ڕەسمی پێی ڕاگەیاندرا.

ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ئەمساڵ، دوای بانگکردنی بۆ ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ورمێ هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کرا و دوای یەک ڕۆژ ڕاگیران بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی ئزاد کرابوو و هەروەها هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵەکەیان بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک بەتەواوی ماڵەکەیان پشکنیوە.