پەیامی پیرۆزبایی بۆ کۆنفڕانسی ٤ی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

بە ڕێز و خۆشحاڵییەوە!

لەلایەن یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی کۆنفرانسی ئەنجومەنی زیندانیانی سیاسی پێشکەش دەکەین.

بەڕێزان!

ئێمە دەزانین ڕێکخراوی زیندانیانی سیاسی لە چوارچێوەی خزمەت و خەباتی سیاسی و مرۆیی خۆیدا، کە تایبەتە بەو کەسانەی کە لە هەشتا ساڵی رابردوو، لە چاڵە رەشەکانی رژیمەکانی تاران، جا چ رژیمی لەناوچووی پەهلەوی بێ، یان نا، رژیمی کۆماری ئیسلامیدا بوون، کار و تێکۆشان دەکات.

بێ گومان رەسالەت و ئەسالەت و ئەرکی رێکخراوی ئێوە، بەتایبەتی لە کاتی ئێستادا کە رێژەیەکی زۆری ژن لە زیندانەکانی رژیمی کۆماری ئیسلامیدا بە تۆمەتی جۆراوجۆر و بێ‌بنەما، ژیانیان لە مەترسی دایە. ژنانی وەک زارا موحەممەدی و سروە پوورموحەممەدی و چەندین مامۆستای فێرگەکانی زمانی کوردی، واتە مامۆستای وەک نێرگز موحەممەدی کە براوەی خەڵاتی ئاشتی نۆبێلە و هەروەها چالاکڤانی مافی مرۆڤی کورد موژگان کاڤووسی و سپیده‌ قلیان، نووسەر و چالاکی کرێکاری، و دەیان ژن و پیاوی دیکە بە تۆمەتی جۆراوجۆری سیاسی و مەدەنی حوکمی قورسیان بەسەردا سەپاوە یا خود چارەنووسییان نادیارە و لە بەندیخانەدان.

نموونەیەکی دیکە دەتوانین  ئاماژە بە وریشە مرادی و پەخشان عەزیزی و شەریفە موحەممەدی بکەین کە دەستبەسەر کراون و چاوەڕوانی ئەو سزا قورسانەن کە بێدادگایەکانی رژیم بەسەرییاندا دەسەپێنێ.

هەڤاڵانی ئەنجومەنی زیندانییانی سیاسی!

 ئەنجومەنی بەڕێزی ئێوە تەنیا ئۆرگانێکی رێکخراوەکەتان نییە، بەڵکوو سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە، جگە لەوەی هێما بۆ دڵسۆزی نیشتیمان و دێموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و ئێران دەکات، بگرە دەنگی ئەو کەسانەیە کە چ لە رابردوودا تووشی زیندانەکانی رژیم بوون چ ئێستا لە گرتووخانەکان دەستبەسەرن.

رێز و پێزانین بۆ خۆڕاگری و لەخۆبوردوویی هەموو ئەندامان و بەڕێوەبەران و هاوپەیمانانی ڕێکخراوی ئەنجومەنی زیندانییانی سیاسی و هیوادارین ئەم کۆنگرە و کۆنفرانسە ببێتە هەنگاویەکی نوێ بۆ پەیوەندی و هاوکاری و هاوئاهەنگیی پتەوتر لە نیوان رێکخراوەکانی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران و ئەنجومەنی زیندانیانی سیاسیی.

پیرۆز بێ دەستپێکی  کۆنفرانسەکەتان

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوارشەممە، ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی