بەڕێوەچوونی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکان پاش کۆنفڕانسی چوار

خۆڕاگری: ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای کۆنفڕانسی چوار، یەکەم کۆبوونەوەی بە بەشداری ئەندامانی سەرەکی و جێگرەکانی بەڕێوە برد.

دواینیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی کۆنفڕانسی چواری ئەنجومەن، بە بەشداری ئەندامانی سەرەکی دەستەی بەڕێوەبەری کە بریتیین لە: سەلاح خزرپوور، کۆمار بەهاری، بەختیار نەزەری، یونس مینەزادە و سۆعدا غەدیرزادە و هەروەها جێگرەکان، فەرەیدوون تابعی، محەممەدخالید ئازەربەرزین و فاتیح ئەیرانی، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بە مەبەستی دابەشکردنی کار و ئەرکەکانی ئەنجومەن و چالاکییەکانی داهاتوو بەڕێوە برد.

سەرەتای کۆبوونەوەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد و دواتر بەڕێز سەلاح خزرپوو بەرپرسی هەڵبژێردراوی کۆنفڕانسی چواری ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وێڕای دووبارە پیرۆزبایی لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری باسی لە چالاکیی و بەشە جیاجیاکانی ئەنجومەن کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە، کار و چالاکییەکان لە ڕابردوودا بێکەموکۆڕی نەبوون و دەکرێ لە داهاتوودا کەلێنەکان پڕ بکرێنەوە و هاوکات ئەرک و بەشەکانی پێشنیار کرد بەسەر ئەندامانی سەرەکی و جێگرەکان و ئەوانیش وێڕای قەبووڵکردنی ئەرکەکانیان جەختیان لەسەر پێکەوە کارکردن و باشتر کارکردن کردەوە کە دەبێ شێلگیرانەتر لە جاران کاروبارەکانی ئەنجومەن بەرەوپێش بچن.

لە کۆتاییدا بەشداربووان بە سەرنج و تێبینییەکانیان کۆبوونەوەکەیان دەوڵەمەندتر کردەوە و بوو بە دەرفەتێک بۆ ئەوەیکە لە داهاتوودا زیاتر بتوانرێ پێکەوە کاری هاوبەش بکرێت و جیا لەوەیکە هەرکەسەو ئەرکی خۆی وەئەستۆ گرتووە، بەڵام بە گشتی باس لەوە کرا کە لە هەموو کار و ئەرکەکان بەوپەڕی دڵسۆزی و ئەرک وەئەستۆگرتن کار بکرێت بۆ سەرکەتنی زیاتر ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.