
خۆڕاگری: شێرزادعەلی ڕەمایی، هاووڵاتیی خەڵكی سنە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک دەسبەسەر کراوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، شێرزادعەلی ڕەمایی، هاووڵاتیی خەڵكی گوندی “نجێ”ـی سەربە شاری سنە و وەرزشوانی بواری هونەرەکانی جەنگ، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵکەکەیان و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێائاکام ماوەتەوە.