خۆڕاگری: حەسەن و حوسین چاکوچ، دوو برای خەڵکی میاندواو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و ڕفێندراون بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە شاری میاندواو، هەڵیانکوتاوە سەر ماڵی حەسەن چاکوچ و حوسێن چاکوچ، دوو برای خەڵکی ئەو شارە و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و ڕفاندوویانن بۆ شوێنێکی نادیار.
شایانی باسە کە، سەرەڕای بەدواداچوونی وردی بنەماڵەی ئەو دوو برایە، هیچ وڵامێکیان لە ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەست نەکەوتووە و هەروەها تاکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس، شوێنی ڕاگیران و هۆکاری دەسبەسەرکردنیان لە بەردەستدا نییە و لانیکەم چوار ڕۆژە دەسبەسەر کراون و بێ سەروشوێنن.