دەسبەسەرکردنی برای شەهیدێکی شۆڕشی ژیانە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئومێد قەدیمی، هاووڵاتیی خەڵکی دیواندەرە و برای یەکێک لە شەهیدانی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شۆڕشی ژینا لەو شارە، لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری”  ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئومێد قەدیمی، برای فواد قەدیمی کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری دیواندەرە بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید کرا، لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لەو شارە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

ئومێد قەدیمی سەرەڕای ئەوەیکە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە دیواندەرە بانگ کراوە، لەکاتێکدا بەرەو شوێنی کارەکەی دەڕۆیشت، لە یەکێک لە شەقامەکانی دیواندەرە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و ڕفێندراوە بۆ شوێنێکی نادیار و هەروەها بنەماڵەکەی بەمەبەستی ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان سەردانی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیان کردووە بەڵام هیچ وڵام و زانیارییەکیان دەست نەکەوتووە.

شایانی باسە کە، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی قەدیمی، تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر چارەنووس، شوێنی ڕاگیران و هەروەها هۆکاری دەسبەسەرکردنی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.