ئاشکرابوونی ناوی ژمارەیەکی دیکە لە قوربانیانی دەستی کۆماری ئیسلامی لە خۆپێشاندانەکانی ئێران

خۆڕاگری: بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، چوار هاووڵاتیی دیکەی کورد بەناوەکانی زارا مورادی،عیرفان عەلیزادە، سیاوەش شێرزاد، ڕەزا حاجی مورادیان، گیانیان لەدەست داوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “١٤ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: لە درێژەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بەدژی ڕێژیم لە شارە جیاوازەکانی ئێران و کوردستان، چوار هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شارەکانی بۆکان، قەسری شیرین، ئیلام، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران گیانیان لەدەست دا.

دوو کەس لە قوربانییەکان بە ناوی زارا مورادی، سیاوەش شێرزاد،، خەڵکی شاری بۆکان دانیشتووی تاران لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارەدا لە ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار کەوتووەتە بەر تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و گیانیان لەدەست داوە.  لە لایەکی دیکەشەوە، عیرفان عەلیزادە، خەڵکی شاری لوماری سەربە پارێزگای ئیلام، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان لە شاری وەرامین سەربە تاران بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم گیانی لەدەست داوە.

هەروەها ڕەزا حاجی مورادیان خەڵکی شاری قەسری شیرین و دانیشتووی شاری کەرەج لە خۆپێشاندانەکانی ئەو شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆیی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی لەدەست دا.

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییان، داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە لە ئاست کوشتاری هاووڵاتییانی بێ‌دیفاع بێدەنگ نەبن و کۆماری ئیسلامی ناچار بکەن کە وڵامی جینایەتەکانی بداتەوە.