خۆڕاگری: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و لە درێژەی گوشارە ئەمنییەکانی ڕێژیم بۆ سەر هاووڵاتییانی کورد، شەپۆلێکی بەرفراوانی دەسبەسەرکردن شارە جیاواز و ناوچەکانی دیکەی ئێرانی گرتووەتەوە و زیاتر لە ١٥کەسی دیکە دەسبەسەر کراون.
ڕۆژی سێشەممە، ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٢٧ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، یەڵدا عەباسی، هونەرمەندی ناسراوی کوردی خەڵکی شاری “شیروانە”ـی سەربە پارێزگای خۆراسانی باکوور و ژەنیاری ئامێری دووتار، کە دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیایە و بە مەبەستی سەردانی کەسوکارەکەی گەڕابووەوە بۆ ئێران، لە شاری مەشهەد دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە و هاوکات لە شاری سنە، ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی بەفرانبار، چالاکێکی مەدەنی بە ناوی سۆهراب بەهرامی، لەلایەن هێزە ڕێژیمەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
پارێزگای ئیلام لەو چەند ڕۆژەدا زۆرترین ڕێژەی گوشاری ئەمنی بەخۆیەوە بینیوە و ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار، لە شاری چەوار، سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی زاهید زارعی، جەعفەر مەحموودی و حوسێن مەحموودی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بە لێدان و توندوتیژی دەسبەسەر کراون و هەروەها ڕۆژی ٢٥ی بەفرانبار، لاوێکی تەمەن ٣٠ ساڵان بە ناوی ئیحسان حەیدەری، لەناو هۆڵێکی وەرزشی لە شاری ئیلام دەسبەسەر کراوە، هەروەها لە لایەکی دیکەشەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی بەفرانبار، هاووڵاتییەک بە ناوی سەعید یاسمی، لە شاری ئاودانان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.
لە شاری بۆکان، نیگەرانییەکان سەبارەت بە چارەنووسی باوکێک و دوو کوڕەکەی بەردەوامە، ڕەحیم شامحەممەدی و دوو کوڕەکەی بە ناوەکانی “سەردار” تەمەن ١٧ساڵان و “محەممەد” تەمەن ١٨ساڵان، ماوەی حەفتەیەکە دەسبەسەر کراون و چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە. لە شاری تەورێزیش، ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار، هێزە سەرکوتکەرەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم ئومید گوزەلی، هاووڵاتیی خەڵکی سایینقەڵا و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی پێشووی شۆڕشی ژینایان لە شوێنی نیشتەجێبوونەکەی دەسبەسەر کردووە و لە شاری بیجاڕیش، سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی ئەحمەدڕەزا قەمەری، سامان محەممەدزادە و عەلی وەلیزادە، ماوەی ١٨ ڕۆژە دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە و هەروەها لە دێولان، ١٥ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی یاسین فەتحی، لەلایەن ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە تێدەپەڕێت بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەک بە بنەماڵەکەی درابێت و لە شاری جوانڕۆش، هاووڵاتییەک بە ناوی یادگار ڕۆستەمی لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەسبەسەر کراوە.
شایانی باسە، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر شوێنی ڕاگیران و تۆمەتی ئاراستەکراو بۆ ئەم هاووڵاتییانە لە بەردەستدا نییە و بەردەوامیی ئەم ڕەشبگیرییە و بێبەشکردنی دەسبەسەرکراوان لە مافی پەیوەندی و چاوپێکەوتن، نیگەرانیی قووڵی لای بنەماڵەکانیان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دروست کردووە.

Be the first to comment