دەسبەسەرکردنی مێرمنداڵێکی خەڵکی کامێران لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: پارسا قوبادی، مێرمنداڵی تەمەن ١٨ساڵانی خەڵکی کامێران، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر بۆ شوێنێکی نادیار ڕفێندراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١٣ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، پارسا قوبادی، خۆپیشاندەری تەمەن ١٨ ساڵانی خەڵکی گوندی “شایەن”ـی سەربە شاری کامێران و دانیشتووی کرماشان، لە ئاکامی هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر شوێنی کارەکەی باوکی لە کرماشان دەسبەسەر و پاشان ڕفێندراوە بۆ شوێنێکی نادیار.

پارسا قوبادی، یەکێک لە بریندارەکانی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی کرماشانە کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە بە سەختی چاوی بریندار کرا و ناوبراو ڕۆژی شەممە ١٧ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆی بڵاویکردەوە کە دوای سەردانە بەردەوامەکانی بۆ لای پزیشکی تایبەت بە چاوی، کەمێک لە بینایی چاوە بریندارەکەی گەڕاوەتەوە بەڵام دەسبەسەرکردن و بێبەریکردنی لە چارەسەری پزیشکی و بەکارهێنانی دەرمانەکانی، ئەگەری چاکبوونەوەی چاوی خستووەتە مەترسی جددییەوە.