دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی سزای بەندکردنی بەسەر چوار هاووڵاتیی کورددا سەپاند

خۆڕاگری: عەزیز عەزیزی، پرشنگ عەزیزی، حوسێن عەباسی و ئەیووب ئەنیسی یەنگیجە ، لە پێوەندی لەگەڵ دۆسییەی “پەخشان عەزیزی” مەحکووم بە سێدارە، سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، لقی ٣٦ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران، سزای ١ساڵ بەندکردنی بەسەر عەزیز عەزیزی لەگەڵ کچەکەی پرشنگ عەزیزی و حوسێن عەباسی و هەروەها سزای ٢ساڵ بەندکردن بەسەر ئەیووب ئەنیسی یەنگیجەش بەتەواوی پشتڕاست کردووەتەوە.

کۆتایییەکانی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی قازی “ئیمان ئەفشاری”، بەتۆمەتی یارمەتیدانی تاوانبار بەمەبەستی ڕزگارکردنی لە دادگاییکردن و سزاکەی، سزای ١ساڵ بەندکردنی بەسەر باوک، خوشک و زاوای پەخشان عەزیزی و بەتۆمەتی پێکهێنانی باند و گرووپ بەمەبەستی ئەنجامدانی تاوانێک بەدژی ئاسایشی گشتی، سزای ٢ساڵ بەندکردنی بەسەر ئەیووب ئەنیسی یەنگیجەدا سەپاندووە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ئەمساڵ، پەخشان عەزیزی بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری مەهاباد کە بەتۆمەتی “بەغی” سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە و لە ١ساڵ پێشترەوە لە بەندیخانەی “ئێڤین”ـی تاران ڕاگیراوە بە کردنەوەی دۆسیەیەکی دیکە لە لقی ٣ی لێپرسینەوەی خانەی دادی ئێڤین لەژێر ناوی ئاژاوەنانەوە لە بەندیخانە، لە پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێران تۆمەتبار کرا.

شایانی باسە کە، پەخشان عەزیزی سەرەتاکانی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی قازی “ئیمان ئەفشاری” بەتۆمەتی “بەغی” لە ڕێگای ئەندامێتی لەو گرووپانەی کە لە بەرانبەر حکومەتی ئیسلامیی ئێران شۆڕشی چەکدارانەیان کردووە و ڕێبەرەکەیان باغییە” سزای سێدارە و بە تۆمەتی ئەندامێتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم، سزای ٤ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و هەروەها ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو، لە شارۆچکەی “خەرازی”ـی سەربە شاری تاران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر.