کۆماری ئیسلامی سزای بەندکردنی بەسەر هاووڵاتییەکای خەڵکی شنۆدا سەپاند

خۆڕاگری: محەممەد ڕەسووڵپوور، هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٢ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، محەممەد ڕەسووڵپوور، هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ، کە سەرەتای هاوینی ئەمساڵ دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامییەوە لەو شارە بە سەرۆکایەتیی قازی “عەلی ئەنساری” بەتۆمەتی “ئەندامێتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی و چالاکی تەبلیغیی بەدژی حکوومەت، سزای ٢ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لە ئاکامی هێرشی هێزە داگیرکەرەکانی فەرمانگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم بۆ سەر ماڵەکەیان لە گوندی “کۆنەقەڵا”ـی شنۆ بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کرابوو و هەروەها پاش نزیکەی ٢حەفتە ڕاگیران، بەدانانی بارمتەی ٦٠٠ ملیۆن تمەنی و تا کاتی کۆتایی دادگاییکردنەکەی بە شێوەی کاتیی ئازاد کرا.