بەندکراوێکی سیاسیی کورد بەهۆی تێکچوونی تەندروستییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا

خۆڕاگری: کیانووش چراغی، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی دێلوڕان لە بەندیخانەی دەڕەشار بەهۆی تێکچوونی تەندروستییەوە بەپەلە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” شەوی پێنجشەممە، ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی، کیانووش چراغی، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی شاری دێلوڕان کە لە بەندیخانەی ناوەندی دەڕەشار دەسبەسەرە، لە درێژەی مانگرتنی لە خواردن بەتەواوی تەندروستیی تێکچووە و بەرپرسانی بەندیخانەکەس بەزرەملێ هێندێک حەب و دەرمانیان پێداوە و دواتر بەتەواوی دۆخی تەندروستی تێکچووە و بەپەلە گەیاندوویانەتەوە نەخۆشخانە.

ناوبراو جارێکی دیکەش لە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە  و لە بەندیخانەی ناوەندی دەڕەشار بە نیشانەی ناڕەزایەتیی دەربڕین بە بەندکردنی، مانی لە هەموو جۆرە خواردنێک گرتووە و ئەوەش بووە هۆی ئەوەیکە تەندروستی تێک بچێت و بەرپرسانی بەندیخانەش هیچ گرینگییەک بە داواکاری ناوبراو نادەن.