بەندکراوێکی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ورمێ لە مافە سەرەتاییەکان بێبەش کراوە

خۆڕاگری: دارا ڕەشیدی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی سەردەشت، کە سزای ٧ساڵ و ٦مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە، لەسەرەتای ئەم مانگەوە لە بەندی گشتی بەندیخانەی ورمێوە گوازراوەتەوە بۆ بەندی ئەمنی کراوە و لە مافە سەرەتاییەکان بێبەش کراوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕاپۆرتێکی لەسەر بارودۆخی دارا ڕەشیدی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری سەردەشت بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: ناوبراو لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە سزای ٧ساڵ و ٦مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ بەندکراوە، ماوەی زیاتر لە ٢٠ڕۆژە لەلایەن بەرپرسی بەندیخانەی ورمێوە بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەک ڕەوانەی بەندی ئەمنی کراوە و لە مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندی بە بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە؛ ئەو بەندکراوە سیاسییە لە کۆتاییەکانی ٥هەمین ساڵی بەندکردنەکەیدایە و لەو ماوەیەوە چەندینجار لە بەندی چوار کە بەندی سیاسییەکانە گوازراوەتەوە بۆ بەندکەکانی دیکەی وەکو؛ بەندی سزادراوانی مادە هۆشبەرەکان، بەندی سزادراوان لەسەر دزی و کوشتنی بە ئەنقەست و لەو کۆتاییانەشدا بە دەستووری بەرپرسی بەندیخانەکە گوازراوەتەوە بۆ بەندی “ئەمنی” و لە مافە سەرەتاییەکانیش بێبەش کراوە.

شایانی باسە کە، ناوبراو لە ساڵی ١٣٨٠ی هەتاوی، لەلایەن هیزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە سەردەشت دەسبەسەرکراو و پاش چەند ساڵ ڕاگیران لە بەندیخانەکانی نەغەدە و ورمێ ئازاد کرا و هەروەها لە ڕۆژی ١٨ی سەرماوەزی ١٣٩٨ی هەتاوی، لەلایەن ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە مەهاباد دەسبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ورمێ و دواتر لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە بەتۆمەتی دژایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران  و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم، سزای ١٠ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و ئەو سزایە دواتر کەمکرایەوە بۆ ٧ساڵ و ٦مانگ بەندکردن.