دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئومێد مەزڵووم، برای موحسین مەزڵووم بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی،هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە گوندەی “ئەتمیش”ـی سەربە شاری مەهاباد هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئومێد مەزڵووم و بەبێ هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی دەستبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئومێد مەزڵووم، برای موحسین مەزڵووم بەندکراوی سیاسیی کورد کە ماوەی یەک ساڵە لەگەڵ سێ هاووڵاتیی دیکە دەسبەسەر کراون و تائێستا چارەنووسیان ناڕوونە و هیچ زانیارییەکیش لەسەر دۆخی تەندروستیان لە بەردەستدا نییە و هەروەها ناوبراویش تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و هۆکاری دەسبەسەرکردن و شوێنی ڕاگیرانیشی لە بەردەستدا نییە.