خۆڕاگری: ئەرشەک قەیسەربەیگی تەمەن ١٥ ساڵی خەڵکی ئیلام، دوای یەک مانگ دەسبەسەرکران، بەدانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی لە ناوەندی پەروەردە و چاکسازی ڕێژیم لەو شارە بە شێوەیەکی کاتی ئازادکرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەرشەک قەیسەربەیگی، تەمەن ١٥ ساڵی خەڵکی ئیلام و دانیشتووی شاری سەراوڵە پاش تێپەڕبوونی یەک مانگ دەسبەسەربوون بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی یەک میلیارد تمەن و بەشێوەی کاتی تا کاتی تەواوبوونی دادگاییکردنی لە کانونی پەروەردە و چاکسازی ڕێژیم لە ئیلام ئازادکراوە.
جێی ئاماژەیە کە، لا کاتی دەسبەسەربوونی ئەرشەک قەیسەربەیگی، لەژێر ئەشکەنجەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمدا ناچار کراوە کە لاپەڕەیەکی سپی واژۆ بکا و هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سەراوڵە دەسبەسەر و دوای تەواوبوونی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئەو ناوەندە بۆ کانوونی پەروەردە و چاکسازی ڕێژیم لە ئیلام گواستراوەتەوە.