سەپاندنی سزای دوو ساڵ بەندکردن بەسەر چالاکێکی کرێکاریی خەڵکی سنەدا

خۆڕاگری: بورهان سەعیدی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، بورهان سەعیدی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری سنە و بەندکراوی سیاسیی پێشووی دەیەی ٦٠ی هەتاوی، بە تۆمەتی کۆبوونەوە و هەوڵدان دژی ئاسایشی گشتیی، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە بە سەرۆکایەتی قازی “سەعیدی” سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

بورهان سەعیدی، ڕۆژی شەممە ٢٧ی جۆزەردانی ئەمساڵ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەیەکی کاتی و هەتا تەواوبوونی قۆناغی دادگاییکردنی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازادکرابوو و هەروەها ناوبراو لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە دۆخی تەندروستی ناجێگیر بووە و لە دەستپێڕاگەیشتن بە دەرمان و وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بێبەریکراوە.

جێی ئاماژەیە کە، سەعیدی لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ئەمساڵەوە پاش بانگکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە دەسبەسەرکرابوو.