خۆڕاگری: مێهرداد قەیسەربەیگی، ئەیووب گەڕاوەند، یوونس گەڕاوەند و نەوید محەممەدنژاد، خەڵکی سەراوڵە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەسەر ناڕوونیی چارەنووسیان، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام مانیان لە خواردن گرت.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، مێهرداد قەیسەربەیگی، ئەیووب گەڕاوەند، یوونس گەڕاوەند و نەوید محەممەدنژاد، چوار هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری سەراوڵەی سەربە پارێزگای ئیلام، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە بە نیشانەی ناڕەزایەتیی دەربڕین بە پێڕانەگەیشتنی دۆسییەکەیان و ناڕوونی چارەنووسیان مانیان لە خواردن گرتووە و ماوەی ٤٣ ڕۆژە دەسبەسەر و لە بەندیخانەی ناوەندی ئیلام ڕاگیراون.
میهرداد قەیسەربەیگی، ئەیووب گەڕاوەند، یوونس گەڕاوەند و نەوید محەممەدنژاد ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی جۆزەردانی ئەمساڵ لە شاری سەراوڵە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون و هەروەها مێهرداد قەیسەربەیگی و ئەیووب گەڕاوەند پێشتر لە ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوودا لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە لەو شارە جارێکی تر دەسبەسەر کراون.