سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر پێنج دەسبەسەرکراوی شۆڕشی ژینادا

خۆڕاگری: پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی مەهاباد و ورمێ، کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەرکربوون، سەرجەم سزای ٥٠ساڵ و ٦مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٧ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: یاسین مستەفاپوور، سەلاح مووسەویڕاد، ئیرەج ئیبراهیمزادە و بێهنام ڕاسخنیا، چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد و ڕەحیم شەمعی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری ورمێ، کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی‌دا دەسبەسەر کرابوون، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سەرجەم سزای ٥٠ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردن و لێدانی ٧٤ زەربە قامچییان بەسەردا سەپێندراوە.

ڕەحیم شەمعی، خەڵکی شاری ورمێ، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ی ڕێژیم لە شاری مەهاباد بە سەرۆکایەتیی قازی”سەجاد دێهقانزادە” بە تۆمەتی تێکشکاندن و لەناوبردنی کەرەستە و سامانە گشتییەکان، سزای ٥ ساڵ بەندکردن، بە تۆمەتی تێکدانی سامان و شوێنە گشتییەکان، ساڵێک و ٦ مانگ بەندکردن، بە تۆمەتی دروستکردنی جۆرەکانی تەقەمەنی ٥ ساڵ بەندکردن، بە تۆمەتی یاخیگەری بەرانبەر بە چيکدارانی ڕێژیم سزای ٢ ساڵ بەندکردن، بە تۆمەتی تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی ١ساڵ بەندکردن و سەرجەم سزای ١٤ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و هەروەها دوو هێندە نرخی کەرەستە شکاوەکان سزای پێبژاردنی پارە و لێدانی ٧٤ قامچیی بەسەردا سەپێندراوە.

یاسین مستەفاپوور، خەڵکی شاری مەهاباد، لەلایەن ئەو دادگایەوە بە تۆمەتی تێکشکاندن و لەناوبردنی کەرەستە و سامانە گشتییەکان سزای ٥ ساڵ بەندکردن، بە تۆمەتی تێکدانی سامان و شوێنە گشتییەکان سزای ١ساڵ و ٦ مانگ بەندکردن، بە تۆمەتی یاخیگەری بەرانبەر بە چەکدارانی ڕێژیم سزای پێنج ساڵ بەندکردن، بە تۆمەتی تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی سزای ١ساڵ بەندکردن و سەرجەم سزای ٩ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

لە درێژەی بڕیاری ئەو دادگایەدا، سەلاح مووسەویڕاد، ئیرەج ئیبراهیمزادە، بە تۆمەتی تێکشکاندن و لەناوبردنی کەرەستە و سامانە گشتییەکان سزای ٤٢ مانگ بەندکردن و بە تۆمەتی تێکدانی سامان و شوێنە گشتییەکان سزای ١ساڵ و ٦ مانگ بەندکردن، واتە هەرکامیان سەرجەم سزای ٥ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

هەروەها بێهنام ڕاسخنیا، خەڵکی مەهاباد، بە تۆمەتی تێکشکاندن و لەناوبردنی کەرەستە و سامانە گشتییەکان سزای ٥ ساڵ بەندکردن، بە تۆمەتی بەشداریکردن لە تێکدانی سامان و شوێنە گشتییەکان سزای ١ساڵ و ٦ مانگ و بە تۆمەتی سووتاندنی بەڵگەنامە تاکەکەسییەکان سزای ١٠ ساڵ بەندکردن و سەرجەم سزای ١٦ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

جێی ئاماژەیە کە، بەپێی یاسای کۆی سزاکان، قورسترین سزا بۆ “ڕەحیم شەمعی و یاسین مستەفاپوور” دەڕچووە کە هەرکامیان سزای ٥ ساڵ بەندکردنیان بۆ بڕاوەتەوە، سەلاح مووسەویڕاد و ئیرەج ئیبراهیمزادە، هەرکامیان سزای ٤٢ مانگ بەندکردنیان بۆ بڕاوەتەوە و هەروەها بێهنام ڕاسخنیا سزای ١٠ ساڵ بەندکردنی بۆ بڕاوەتەوە.