دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی پارێزگای ئیلام لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: دوکتور بەختیار محەممەدزادە، هاووڵاتیی خەڵکی پارێزگای ئیلام، دوای ئەوەی کە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بانگ کراوە، دەسبەجێ دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٧ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، د. بەختیار محەممەدزادە، خەڵکی شاری “دەڕەشار”ـی سەر بە پارێزگای ئیلام، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە ئیلام بانگ کراوە و هەرلەوێش دەسبەجێ دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و ناوبراو لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووشدا جارێکی دیکە دەسبەسەر و پاش ٢ مانگ ئازاد کراوە.

د. بەختیار محەممەدزادە، ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی بانەمەڕی ئەمساڵ پاش نزیکەی دوو مانگ دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی ٣ ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا، ناوبراو بەڕێوەبەری دەرمانخانەیەکی شاری دەڕەشار بووە و پێش ئەوەیکە دەسبەسەر بکرێ، لەوێ دامەزراوە و سەرقاڵی کارکردن بوو.

شایانی باسە کە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی کلە دراونەتە پاڵ ناوبراو لە بەردەستدا نییە.