دەسبەسەرکردنی هاووڵاتیی خەڵکی سنە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئیدریس قاسمی، هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند: سەرەڕای تێپەڕبوونی ٣حەوتوو بەسەر دەسبەسەرکردنی ئیدریس قاسمی، هاووڵاتیی خەڵکی ئاوایی سەڵوەتاوای سەربە شاری سنە، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە و هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و هۆکاری دەسبەسەرکردنی لە بەردەستدا نییە.

هەوڵ و بەدواداچوونی وردی بنەماڵەی قاسمی لەسەر چارەنووسی کوڕەکەیان، هیچ ئاکامێکی نەبووە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی هیچ وەڵامێکیان بەو بنەماڵەیە نەداوەتەوە و هەروەها هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم، لە ناوەڕاستی مانگی گەلاوێژدا هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو هاووڵاتییە و لە باخەکەی خۆی لە گوندی سەڵوەتاوا بە شێوەیەکی دڕەندانە ناوبراویان دەسبەسەر کردووە و تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.