باوکی شەهید ژینا ئەمینی لەلایەن دادگای ڕێژیمەوە بە دژبەری حکوومەت تۆمەتبار کراوە

خۆڕاگری: ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی کە لەلایەن کۆماری ئیسلاییەوە شەهید کرا، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە لە سەقز، چەند جار بانگ کراوە و بە پڕوپاگەندە بەدژی حکوومەت تۆمەتبار کراوە.

ڕۆژی هەینی ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئەمجەد ئەمینی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری سەقز و باوکی شەهید ژینا ئەمینی، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە شاری سەقز بە پڕوپاگەندەی بەدژی حکوومەت تۆمەتبار کراوە و بۆخۆشی ڕایگەیاندووە کە ئەو دۆسیە بەهۆی بڵاوکردنەوەی پۆستێک بووە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەسەر سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کورد، کراوەتەوە.

ناوبراو بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆی ڕایگەیاند: کە ٢٩ی بەفرانبار بەتۆمەتی بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان، بانگ کراوەتە لقی ١ی لێپرسینەوەی دادگای رێژیم لە سەقز، بەڵام ئێستا بە پڕوپاگەندەی بەدژی حکوومەت تۆمەتبار کراوە و وتیشی: ئەوەی دەبێ با ببێ، ئەگەر نەشچم لە لێدانی باتۆم لە ئاسایشدام و هەر وەک لەو ٥٤ ساڵەی تەمەنمدا نەخۆشییەکی درێژخایەنم نەبووە، هیچ بیانوویەک بۆ کوژرانم بوونی نییە، هەرچەند کە بە لەدەستدانی ژینا ژیانی من و هاوژینەکەم مەرگێکی ڕۆژانەیە.