بێسەروشوێنبوونی چوار هاووڵاتیی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری:  چارەنووسی چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئەحمەد خاکسار تەرەقی، مەسعوود بابایی، ڕەحیم بێ‌نیاز و محەممەدئەمین نەزەری کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون، بە نادیاری ماوەتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “١٨ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ئەحمەد خاکسار تەرەقی و مەسعوود بابایی، ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە کە خەڵکی شاری “شێروان”ـی سەر بە پارێزگای خۆراسانی باکوورن، ماوەی ٤٢ ڕۆژە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیران و بارودۆخی تەندروستییان لەبەردەستدا نییە.

ڕەحیم بێ‌نیاز، بەڕێوەبەری کەناڵی تێلێگرامی “ئیلی هەزارەی کەڵهووڕ” و خەڵکی شاباد، زیاتر لە ٢٤ ڕۆژە لە شاری کەرەج بەهۆی پشتگیریکردن لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیمی ئێرانەوە  دەسبەسەر کراوە و ڕفێندراوە بۆ شوێنێکی نادیار و چارەنووسی نادیارە.

محەممەدئەمین نەزەری، هاووڵاتیی خەڵکی ئیلام، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و هەروەها ئەو هاووڵاتییانە لەماوەی دەسبەسەربوونیاندا تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*