خۆڕاگری: ئیدریس مینبەری، مامۆستای زمانی کوردیی خەڵكی سنە لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، سزای ١ساڵ بەندکردن و ١ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراو بۆ ماوەی ٣ساڵ و سەرجەم سزای ٢ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئیدریس مینبەری، چالاکی مەدەنی، مامۆستای زمانی کوردی و لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی “نۆژین”، دوای هەڵوەشاندنەوەی سزای دە ساڵ بەندکردنەکەی کە پێشتر بەسەریدا سەپێندرابوو، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە سنە بەتۆمەتی پێکهێنانی گرووپ و دەستە بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی گشتی، سزای ١ساڵ بەندکردن و سزای ١ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراو کە بۆ ماوەی ٣ساڵ ڕاگیراوە، بەسەریدا سەپێندرا.
ناوبراو ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی سەرماوەزی ئەمساڵ بەشێوەی فەرمی ئەو سزایەی پێ ڕاگەیەندرا و هەروەها مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو لەگەڵ سروە پوورمحەممەدی، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە سنە بە سەرۆکایەتی قازی کەرەمی، هەرکامیان سزای ١٠ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرابوو کە ئەو سزایە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیمەوە هەڵوەشایەوە و دۆسیەی ناوبراو دیسان بۆ دادگای ئینقلابی ڕێژیم سنە بەڕێکراوبووەوە.
جێی ئاماژەیەکە، ئیدریس مینبەری، پێشتر لەلایەن لقی ١٠٦ دادگای تاوانەکانی ٢ی کۆماری ئیسلامی لە سنە بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی، سزای ١ساڵ بەندکردن بە ژماردنی ماوەی پێشووی دەسبەسەرکردنەکەی و لەگەڵ دوورخستنەوەی بۆ بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان و هەروەها لێدانی ٤٠ زەربەی قامچیی بەسەردا سەپێندرابوو.