پەیامی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ

خۆڕاگری: ڕۆژی ١٠ی دێسامبری ئەمساڵ، ٧٦ ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ تێدەپەڕێت و هەموو ساڵێک چالاکانی مافی مرۆڤ و ناوەندەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ ڕێز لەو ڕۆژە دەگرن، دیاریکردنی ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ لە ساڵی ١٩٤٨ی زایینیی، لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، هەوڵیک بوو بۆ دانانی بنەماکانی پاراستنی مافی مرۆڤ لە بەرانبەر وڵاتانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ.

ڕۆژی ١٠ی دێسامبر، ڕۆژی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ هەوڵێکە بۆ بەدواداچوون بۆ بارودۆخی مافی مرۆڤ لە وڵاتانی جیهان، ئەو ڕۆژە ئەوەمان بیر دەخاتەوە کە هەموو مرۆڤەکان بەبێ لەبەر چاوگرتنی نەتەوە، ئایین، ڕەگەز و بیروباوەڕ دەبێ کەرامەتی ئینسانی و مافی وەک یەکیان هەبێت، ئەو جاڕنامەیە کە لە ٣٠ مادە پێکهاتووە کە دەستەواژەی وەک ئازادی، یەکسانی، مافی ژیان و کەرامەتی ئینسانی مسۆگەر دەکات کە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان ئەو پرەنسیپانەیان لە سیاسەت و یاساکانی خۆیاندا گونجاندووە کە بەداخەوە لە زۆرێک لە وڵاتە دیکتاتۆرەکان نە تەنیا ئەو پرنسیپانە لەبەرچاو نەگیراون بەڵکوو بە ئاشکرا پێشێلی مافەکانی مرۆڤ دەکەن.

ئێستا کە ٧٦ ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا تێدەپەڕێت شاهیدی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤین لەلایەن وڵاتانی جیهان، بە تایبەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە سەرەڕای کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان و سەرکوتی خۆپێشاندانەکان و لەسێدارەدانی هەزاران کەس لە خەڵکی ئێران و کوردستان و لەسێدارەدانی بە کۆماڵی بەندکراوانی سیاسی لە ڕیزبەندی پێشەوەی وڵاتانی پێشێلکاری مافی مرۆڤە لە جیهاندا، بەداخەوە سەرەڕای مەحکوومکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان، بەبێ لەبەر چاوگرتنی هیچ یاساوڕێسایەک بەردەوامە لە خوڵقاندنی جینایەت و ئەشکەنجە و ئێعدام.

ئەو ڕۆژە هاوکاتە لەگەڵ ئازاد بوونی سووریە و ئاشکرابوونی جینایەتی سامناکی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە بەندیخانەکانی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە و بەتایبەتی لە بەندیخانەی “سەیدیانا” لەلایەن ڕێژیمی دیکتاتۆری بەشار ئەسەد کە دیتن و بیستنی ئەو چیرۆکانە هەموو جیهانی سەرسام و نیگەران کردوە و لە لایەکیتریش ئاشکرابوونی ئەو جینایەتانە پێمان دەڵێن کە، ناوەندەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ و ناوەندەکانی بڕیار لە جیهاندا بەدواداچوون و لێپرسینەوەی جیددی لە ئەنجامدەرانی ئەو جینایەتانە بکەن و لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی ئابوورییەکان لە ئاستی ئەو هەموو پێشێلکارییە بێدەنگ نەبن.

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (خۆڕاگری)

١٠ دیسامبری ٢٠٢٤ی زایینیی.