هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی ئیلام بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: حەمیدڕەزا ئاروانە، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی ئیلام پاش نزیکەی ١٠ڕۆژ ڕاگیران بەدانانی بارمتە لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی، حەمیدڕەزا ئاروانە، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی ئیلام، پاش ٨ڕۆژ دەسبەسەربوون بەدانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٤٠٠ملیۆن تمەن و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی ئیلام ئازاد کرا.

ڕۆژی هەینی، ١١ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی، حەمیدڕەزا ئاروانە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرابوو.