دەسبەسەرکردنی سێ هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، سەقز و کامێران لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: تاهیر ئەمانی خەڵکی بۆکان، شاهۆ عەزیزی خەڵکی سەقز و پێدرام فەیزی خەڵکی کامێران، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، تاهیر ئەمانی، هاووڵاتی خەڵکی شاری بۆکان و یەکێک لە کاسبکارانی ئەو شارە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هێج بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

لەلایەکی دیکەشەوە ڕۆژی دووشەممە، ٣ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، شاهۆ عەزیزی، لاوی تەمەن ٢٢ ساڵان و کرێکاری نانەواخانەی خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و هەروەها ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەی کردووە کە نابێ بەهیچ شێوەیەکی هەواڵی دەسبەسەرکردنی کوڕەکەیان بە میدیایی بکەن.

هەروەها لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا پێدرام فەیزی، هاووڵاتیی خەڵکی ئاوایی “کەڵاتێ”ـی سەربە شاری کامێران و دانیشتووی ئەو شارە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

شایانی باسە کە، ئەو سێ هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکردنیان لەلایەن ڕێژیمەوە، تائێستا هیچ زانیارییەری ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.