دەسەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی قوروە و دێلوڕان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: کیانووش چراغی خەڵكی دێلوڕان و حوسێن سەنگینابادی خەڵکی قوروە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵیان، دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی کیانووش چراغی خەڵکی شاری دێلوڕان و حوسێن سەنگینابادی خەڵکی شاری قوروە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی ئەو دوو هاووڵاتییەیان بە شێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کردووە و ڕفاندوویانن.

کیانووش چراغی، پێشتر کارمەندی بەڕێوەبەری ئاسایشی کۆمەڵایەتیی ڕێژیم بوو لە دێلوڕان، بەڵام دوای ئەوەیکە لە ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا، بە نیشانەی ناڕەزایەتیی دەربڕین دەستی لە کار کێشایەوە.

حوسێن سەنگینابادی، کاسبکارێکی بازاڕی شاری قوروەیە کە هێزە چەکدارەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم، هەڵیانکوتاوەتە سەری و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

جێی ئاماژەیەوە کە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە دەسبەسەرکراوە لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەشیان بێ‌ئاکام ماوەتەوە.