دەسبەسەرکردنەوەی هاووڵاتییەکی خەڵکی دێلوڕان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: کیانووش چراغی، هاووڵاتیی خەڵکی دێلوڕان کە پێشتریش دەسبەسەر کرابوو، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرایەوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، کیانووش چراغی هاووڵاتیی خەڵکی شاری “دێلوڕان”ـی سەربە پارێزگای ئیلام، پاش تێپەڕبوونی ماوەیەکی کەم لە دەسبەسەرکردنی، بۆ جارێکی دیکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماتی ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرایەوە.

کیانووش چراغی، پێشتر کارمەندی ئیدارەی دابیکردنی کۆمەڵایەتیی ڕێژیم بوو لە دێلوران، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی ڕەزبەری ئەم مانگە، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵیانکوتیە سەری و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کرد و دوای چەند ڕۆژێک ئازادیان کرد و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دووبارە دەسبەسەرکردنەوە و تۆمەتی وەپاڵدراو و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.