دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی ئاودانان لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئەحمەد تەکلیفی، هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەحمەد تەکلیفی، هاووڵاتی خەڵکی شارۆچکەی “مورموری”ـی سەر بە شاری ئاودانان لە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەحمەد تەکلیفی، پاش ئەوەیکە لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە، شوێن و مەکانی دیار نییە و بنەماڵەکەی بە مەبەستی ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان هەوڵ و بەدواداچوونی زۆریان کردووە بەڵام بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژم لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکیان نەداوەتەوە.

شایانی باسە کە تا کاتی ئامادەکردنی ئەوم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و ئەوەش بنەماڵەکەی نیگەران کردووە.