دەسبەسەرکردنی گۆرانیبێژێکی خەڵکی ئیلام لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: محەممەد عەباسزادە، گۆرانیبێژی خەڵکی ئیلام، بەهۆی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی نەورۆز لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی، محەممەد عەباسزادە هونەرمەندی گۆرانیبێژی خەڵکی ئیلام و لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا کە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، بەهۆی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی نەورۆز، لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ناوبراو پاش گەڕانەوەی لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی “شۆهان”ـی سەربە شاری مەلەکشای، هەر لە شەقامێکی ئەو شارەدا لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر لەگەڵ خۆیان بردیان و هەروەها تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.

جێی ئاماژەیە کە، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، ئەو هونەرمەندە دوای وتنەوەی سروودی “ژن ژیان ئازادی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کراو و ڕۆژی چوارشەممە ١١ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ ملیۆن تمەنی بەشێوەی کاتیی ئازاد کرابوو و هەروەها لە مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لەلایەن لقی ١٠٣ی دادگای تاوانەکان و لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی ڕێژیم لە ئیلام بەهۆی وتنەوەی ئەو سروودە، سزای ٢ساڵ بەدندکردنی بەسەردا سەپێندرا و دواتر ئەو سزایە بۆ ٢ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراو، دوو ساڵ قەدەغە کردنی چوونە دەرەوەی لە ئێران پێبژاردنی بڕە پارەیەک گۆڕدرا.