ژن و مێردێکی پەنابەری سیاسیی کورد لە تورکیە مەترسیی دیپۆرتکردنەوەیان لەسەر بۆ ئێران

خۆڕاگری: ڕەشاد محەممەدی و ئەژین فەهمیدەحوسێنی، دوو هاوسەری پەنابەری سیاسیی خەڵکی کامێران، لەلایەن پۆلیسی تورکیەوە دەسبەسەر و بۆ کەمپی نیشتەجێبوونی کاتیی گوازراونەتەوە و مەترسیی دیپۆرتكردنەوەیان بۆ ئێران لەسەرە.

ڕۆژی دووشەممە، ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: فەرشادمحەممەدی، پەنابەری سیاسیی خەڵکی کامێران و هاوسەرەکەی ئەژین فەهمیدەحوسێنی، خەڵکی سەروئاوا، حەوتووی ڕابروو لەلایەن پۆلیسی دەوڵەتی تورکیەوە لەو وڵاتە دەسبەسەرکران و گوازراونەتەوە بۆ کەمپێکی نیشتەجێبوونی کاتیی لە شاری “چناق قەڵا”ـی ئەو وڵاتە و مەترسی ئەوەیان لەسەرە کە دیپۆرت بکرێنەوە بۆ ئێران و تائیستا هیچ زانیراییەکی ڕاست و دروست لەسەت بارودۆخیان لەبەردەستدا نییە.

ڕەشاد محەممەدی و ئەژین فەهمیدەحوسێنی، دوو چالاکی سیاسیی کوردن  کە چەند ساڵێک ئەزموونی چالاکی سیاسییان هەیە و چەندجارێک لەلایەن دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەڕەشەیان لێ کراوە و بەوهۆیەوە کوردستانییان بەرەو ئورووپا بەجێ هێشت و لەئاکامدا لە سەر سنووری تورکیە لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەسبەسەر کران.

شایانی باسە کە، ئەو دوو چالاکە سیاسییە مەترسیی دیپۆرتکردنەوەیان بۆ ئێران لەسەر و داوا لە چالاکوانان، دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و هەروەها هەموو ئەو لایەنانەی کە پشتیوانیی چالاکانی سیاسیین دەکەن کە بە هەرشێوەیەک بووە ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی ڕێگری لە دیپۆرتکردنەوەیان بکەن.