هونەرمەندە دەسبەسەرکراوەکەی خەڵكی خۆراسان بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: ئەسمەر حەمیدی، هونەرمەندی دەسبەسەرکراوی کوردی خەڵكی خۆڕاسانی باکووری، پاش چەند ڕۆژ ڕاگیران بەشێوەی کاتی تاکاتی دادگاییکردنەوەی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١١ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی (٢ی ١٢ی ٢٠٢٥ی زایینی)، ئەسمەر حەمیدی، هونەرمەندی گۆڕانیبێژ، چالاکوانی مەدەنیی و هاووڵاتیی کوردی دەسبەسەرکراوی خەڵكی شاری “مانە‌سەمەلقان”ـی سەربە پارێزگای خۆراسانی باکووری، پاش چەند ڕۆژ دەسبەسەربوون بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

ناوبراو ڕۆژی شەممە، ٨ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی (٢٩ی١١ی ٢٠٢٥ی زایینی) لەلایەن ‌هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا و تائێستاش هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و تاکاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کراوە.