ژنە چالاکێکی بواری مافی ژنان لەلایەن دادسەرای ڕێژیمەوە لە سنە بانگ کرا

خۆڕاگری: بەهار زەنگی‌بەند، چالاکی مافی ژنانی خەڵکی سنە، لەلایەن بەشی لێکۆڵینەوەی دادسەرای گشتیی و ئینقلابی کۆماری ئیسلامی لە سنە بانگ کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، بەهار زەنگی‌بەند، چلاکی مافی ژنانی خەڵکی شاری سنە، لەلایەن لقی ٢ی بەشی لێکۆڵینەوەی دادسەرای گشتیی و ئینقلابی کۆمری ئیسلامییەوە لەو شارە، بانگ کراوە و پاش کۆتایی بەڕێوەچوونی لێکۆڵینەوەکەی، بەتۆمەتی هان‌دان بەدژی نیزام مەحکووم کراوە و پاشان بەدانانی بارمتەی قورس بەشێوەی کاتیی ئازاد کراوە.

بەهار زەنگی‌بەند، مامۆستای پەروەردەی وەرزشییە لە زانکۆی ئازادی سنە کە بەهۆی ئەوەیکە بەدژی کوشتنی “ژینا ئەمینی” لەلایەن ڕێژیمەوە، ناڕەزایەتیی دەربڕیبوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و مافی مامۆستایەتییان لەو زانکۆیە لێ ئەستاندەوە و هەروەها تا کاتی قۆناغی دادگاییکردنەکەی بە دانانی بارمتەی قورس بەبڕی یەک ملیارد تمەن بەشێوەی کاتیی ئازاد کراوە.

جێی ئاماژەیە کە، ئەو ژنە چالاکە ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو، پاش دەربڕینی ناڕەزایەتی بەدژی کوشتی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، لە حەوشەی زانکۆی ئازادی سنە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرابوو و هەروەها دوای دەسبەسەرکردنی هێزە سەرکوتکەرەکان هەڵیانکوتایەوە سەر ماڵەکەی و پاش پشکنینی ماڵەکەی دەستیان بەسەر مۆبایل، کۆمپیوتێر و کەلوپەڵە تاکەکەسییەکانیدا گرت و لەگەڵ خۆیان بردبوویان.