خۆڕاگری: مێلینا ئەسەدی، مێرمنداڵی تەمەن سێ ساڵانی خەڵكی کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی گولـلەی جەنگی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران گیانی لەدەست دا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی، ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “٩ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ڕووداوەکە لە بلواری تاقوەسانی شاری کرماشان ڕوویداوە و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەسڕێژی گولـلەی جەنگییان کردووە و لە ئاکامدا فیشەک بەر سەر و جەستەی مێلینا ئەسەدیی تەمەن سێ ساڵان کەوتووە و بەوهۆیەوە گیانی لەدەست داوە.
دوای ئەو ڕووداوە، میدیاکانی سەر بە ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و حکومەت، هەوڵیان داوە ڕاستیی ڕووداوەکە بشێوێنن و بە داڕشتنی سیناریۆیەک، هەوڵی ئەوەیان داوە کوژرانی مێلینا بخەنە ئەستۆی خۆپیشاندەران و ناڕازییان، تا بەو شێوەیە هێزە سەرکوتکەرەکان لە بەرپرسیارێتی بێبەری بکە و هەروەها گوشارێکی زۆر خراوەتە سەر بنەماڵەکەی و ناوەندە سەرکوتکەرەکان خێزانی ئەو منداڵەیان ناچار کردووە کە لەبەردەم کامێرا و میدیا حکوومەتییەکاندا دەرکەون و سیناریۆی دەسەڵات پشتڕاست بکەنەوە و دان بەوەدا بنێن کە گوایە منداڵەکەیان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە کراوەتە ئامانج.

Be the first to comment