کۆماری ئیسلامی سزای بەندکردنی بەسەر هاووڵاتییەکی کورددا سەپاند

خۆڕاگری: ئەیووب دەماوەند، بەندکراوی خەڵكی پیرانشار لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە، سزای ٥ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئەیووب دەماوەند، هاووڵاتیی خەڵكی گوندی “دێلزێ”ـی سەربە شاری پیرانشار و بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندی شاری نەغەدە، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە لە مەهاباد بە سەرۆکایەتیی قازی “دووستی” بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل، سزای ٥ ساڵ و ١٥ ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو ڕۆژی ١١ی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا و لە گرتنگەیەکی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە ورمێ لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لەگەڵ کراوە و دواتر لە ڕۆژی ١١ی خەرمانانی هەمانساڵ گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی نەغەدە.