هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵكی بۆکان بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: سۆران یوسفی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی بۆکان، پاش زیاتر لە ٣ڕۆژ دەسبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، سۆران یوسفی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی گوندی “سڵامەت”ـی سەربە شاری بۆکان پاش زیاتر لە ٣ڕۆژ دەسبەسەربوون بەشێوەی کاتیی و بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٦٠٠ملیۆن تمەن لە گرتنگەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئازاد کراوە.

ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی ئەم مانگە لەلایەن ‌هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتابووە سەر ماڵەکەی، دەسبەسەر کرا و پاش لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کراوە و تائێستاش هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەربوون و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.