دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی بەساڵاچووی خەڵکی پیرانشار بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی تەمەن ٦١ساڵانی خەڵکی پیرانشار بەناوی “محەممەدئەمین محەممەدی” بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٢ساڵ بەندکردن، دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی، محەممەدئەمین محەممەدی تەمەن ٦١ساڵ ناسراو بە “مینەی مەلا بایزی”، خەڵکی گوندی “تەمەرچین”ـی سەربە شاری پیرانشار، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای  ٢ساڵ بەندکردن، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە.

ناوبراو پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە لە پیرانشار، بەتۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی، سزای ٢ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

جێی ئاماژەیە کە محەممەدئەمین محەممەدی، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بە بەکارهێنانی کردەوەی تووندوتیژی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا گوازرایەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ.