هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: حەیدەر فەتاحی، هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای زیاتر لە ٣ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: حەیدەر فەتاحی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری مەریوان لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە بەتۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی سزای ٣ساڵ و ١مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی جۆزەردانی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە کە هەڵیانکوایە سەرماڵەکەی، بەشێوەیەکی دڕەندانە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و پاش ٤مانگ ڕاگیران بەدانانی بارمتەی قورسی بە بڕی ٨٠٠ملیۆن تمەن بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.