کۆماری ئیسلامی چوار مامۆستای قوتابخانەی کوردی سزا دا

خۆڕاگری: چوار مامۆستای قوتابخانەی خەڵکی دیواندەرە لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، سزای دەرکردن و دوورخستەنەوەیان بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئومێد شامحەممەدی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قورەیشی، سێ مامۆستای خەڵکی شاری دیواندەرە، لەلایەن دەستەی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییەکانی فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی کۆماری ئیسلامی لەسەر کارەکانیان دوور خرانەوە و پەرویز ئەحسەنی بۆ ماوەی پێنج ساڵ بۆ شاری قوروە دوور خراوەتەوە.

پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قورەیشی ئە سێ مامۆستایە پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمەوە لە شاری سنە بەتۆمەتی کردەوەی دژ بە ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، هەرکامیان سزای ٥ساڵ بەندکرنی هەڵپەسێردراو و ئومێد شامحەممەدی سزای ٥ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.

شایانی باسە کە، ئەو چوار مامۆستایە ڕۆژی چوارشەممە ٥ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، لەگەڵ مامۆستایەکی دیکە بە ناوی “عوسمان ڕەزایی” لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە و لەگەڵ پشکنینی تەواوی ماڵەکەیان و لێدان و بێڕێزکرن بە ژنومنداڵەکانیان دەسبەسەر کران و عوسمان ڕەزایی ڕۆژی شەممە ٢٨ی جۆزەردانی هەمانساڵ بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو و ئەو چوار مامۆستای دیکەش دوای ٧٦ ڕۆژ دەسبەسەربوون بە دانانی بارمتەی یەک ملیار و نیوی بە شێوەی مەرجدار و کاتیی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە ئازاد کرابوون.