ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەهاباد پاش حەفتەیەک

خۆڕاگری: ئیدریس محەممەدزادە، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەهاباد ماوەی حەفتەیەکە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و تائێستا چارەنووسی نادیارە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئیدریس محەممەدزادە، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفوونەوە بانگ کراوە بۆ ئەو ناوەندە سەرکوتکەرە و هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا چارەنووسی ناڕوونە.

ناوبراو سەرەڕای تێپەڕبوونی ٧ڕۆژ بەسەر دەسبەسەربوونیدا، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەی بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکەی نەداوە.