کچە ڕۆژنامەنووسی خەڵکی سەقز بۆ چوارەمین جار دەسبەسەر کرایەوە

خۆڕاگری: نازیلا مەعرووفی، کچە ڕۆژنامەنووسی خەڵکی شاری سەقز و دانیشتووی تاران بۆ چوارەمین جارە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرایەوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، نازیلا مەعرووفیان، خوێندکار و ڕۆژنامەنووسی خەڵکی شاری سەقز و دانیشتووی شاری تاران، لە ماوەی یەک‌ساڵی ڕابردوودا بۆ چوارەمین جار لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە تاران دەسبەسەر کرایەوە.

دەسبەسەرکردنی نازیلا مەعرووفیان لەلایەن ڕێژیمەوە، بەهۆی پاڵپشتیکردنی لە هونەرمەندی دەسبەسەرکراو “مەهدی یەراحی” لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بووە و هەروەها ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە شکاندنی دەرگای ماڵی ناوبراو و بە شێوەیەکی دڕندانە دەسبەسەریان کردووە.