خۆڕاگری: لە بەردەوامیی پشێوی و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا، ناسنامەی سێ هاووڵاتیی دیکەی کورد ئاشکرا بوو کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە گیانیان لەدەستداوە.
ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی ” ١٦ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لەسەر ئاماری کوژراوانی خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی ئێران کە ناسنامەی سێ هاووڵاتیی دیکەی کورد ئاشکرا بووە، ڕایگەیاند: ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، میلاد گەچلوو، هاووڵاتیی خەڵکی بیجاڕ و دانیشتووی مشکیندەشتی کەرەج، لە کاتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەو شارەدا لە بە تەقەی ڕاستەوخۆی گولـلەی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ ناوچەی گەرووی گیانی لە دەست دا.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، فەرهاد چراغیزادە، هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە بلواری تاقوەسانی ئەو شارەدا، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی گولـلەی جەنگی و بەهۆی بەرکەوتنی گولـلە بە ڕان و سکی، گیانی لەدەستدا و هاوکات ئارین قاسمیزادە، مێرمنداڵی تەمەن ١٤ ساڵانی خەڵکی شاری کەنگاوەری سەر بە پارێزگای کرماشان، یەکێکی دیکە لە گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانەکانی ١٩ی بەفرانباری ئیسلامشەهری تارانە و ئەم مێرمنداڵە کوردە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی گولـلەی جەنگیی چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، گیانی سپاردووە.

Be the first to comment