دەسبەسەرکردنی هونەرمەندێکی خەڵکی بۆکان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕگری: ڕەزا خۆشنەزەر، هونەرمەند و چالاکی فەرهەنگیی خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕیژیمەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری بۆکان، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ڕەزا خوشنەزەر، هونەرمەندی خەڵکی ئەو شارە و بە شێوەی توندوتیژی دەسبەسەر و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕیژیم، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، بەهۆی ئەوەیکە ئەو هونەرمەندە سروودی نیشتمانی بەناوی “وەتەن” وتوەتەوە، بە شێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و بارودۆخی ناوبراو لە بەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێ ئاکام ماوەتەوە.