دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی خەڵکی ورمێ لەلایەن هێزەکانی ڕیژیمەوە

خۆڕاگری: ژنێکی کوردی خەڵکی ورمێ بە ناوی “لالیخان نیکنیا” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، لالیخان نیکنیا، ژنێکی کوردی خەڵکی گوندی “حەکی”ـی سەربە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی لالیخان نیکنیا و بەشێوەی توندوتیژی ناوبراویان دەسبەسەر کردووە و هەروەها تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر بارودۆخ و شوێنی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نییە.